0
December 2, 2023

هەفتەنامەی خواریزمی ژمارە ٢١: هەواڵی هەفتانەی کریپتۆ و بلۆکچەین

سڵاو، بەخێربێن بۆ ژمارەی بیست و یەکەمی هەفتەنامەی خواریزمی، هەواڵنامەی پێشەنگی کریپتۆ و بلۆکچەینی کوردکۆین. لێرەوە تازەترین هەواڵ و زانیاریتان بۆ دەهێنین لە بازاڕی کریپتۆدا لە ماوەی کەمتر لە ٥ خولەکدا.
هەواڵی کریپتۆ و بلۆکچەین لە کوردکۆینەوە بۆ ئێوە

خۆشحاڵین کە ئێمە یەکەمین هەواڵنامەی کریپتۆی عێراقین، کە لە ئێستادا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەستە، بەم زووانە بە زمانی عەرەبیش بەردەست دەبێت. لە ئێستادا، ئەم هەواڵنامەیە هەفتانە زیاتر لە ١٢٠٠ خوێنەری هەیە لەسەر لینکیدئین.

کورتەی دۆخی بازاڕ

لەم هەفتەیەدا، سەرەڕای هەواڵی سزادانی باینانس و دەرکرانی لە بازاڕی ئەمریکا، وەبەرهێنەران گەشبین بوون و بازاڕ لەدوای هەندێک جووڵە بە سەقامگیری ماوەتەوە. بیتکۆین هەندێک بەرزونزمی بەسەرداهات و لەسەروو ٣٧ هەزار دۆلار جێگیربوو، لەلایەکی دیکەوە دۆجکۆین و سۆلانا، وەکو دوو کۆینی سەرەکی، بە ڕێژەیەکی مامناوەند بەرزبوونەوە، کە یەکەمیان ١٠% زیادی کرد و دووەمیان ٥% لە هەفتەیەکدا. زۆربەی کۆینە سەرەکییەکانی دیکە نرخەکانیان بەجێگیری مایەوە بەبەراورد لەگەڵ سەرەتای هەفتەکە.

یەکێک لە کۆینەکان سەرنجی بازاڕی ڕاکێشا Terra Classic USD بوو کە نرخەکەی بە ڕێژەی ٣٠٠% بەرزبوویەوە، سەرەڕای ئەوەی کەم ستەیبڵکۆینە وەکو مردوو ئەژمار دەکرا. بەهەمان شێوە، Terra Classic و IOTA بەشێوەی بەرچاو بەرزبوونەوە کە یەکەمیان ٦٠% و دووەمیان زیاتر لە ٣٣% هەڵکشا.

لەسەر پێوەری ترس و تەماح، هەستی وەبەرهێنەران لە ناوچەی تەماح دایە لە ئێستادا کە پلەی ٧٠ لەسەد بەڕووی گەشبینیدایە، کە پێدەچێ چاوەڕوانی ئەگەری قبووڵکرانی ETFی بیتکۆین و نزیکتربوونەوەی وادەی هالڤینگی بیتکۆین بێت کە مانگی ٤ی ساڵی داهاتوو ڕوودەدات.

سەردێڕەکانی پەیوەست بە باینانس

 

باینانس ستەیبڵکۆینی خۆی BUSD ڕادەگرێت

لە ١٥ی مانگی ١٢دا باینانس بەشێوەیەکی یەکجاری پشتگیری بۆ باینانس USD ڕادەگرێت و هەرکەسێک لەو تۆکنەی هەبێ دەگۆڕدرێ بۆی بە FDUSD کە سەر بە کۆمپانیایەکی دیکەیە. ئەمە دەرەنجامی یاسا و ڕێسای نوێ دێت کە فشاریان خستۆتە سەر باینانس لەم دواییانەدا.

باینانس لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوت و لە وڵاتەکە دەچێتە دەرەوە

بەپێی ڕێککەوتنێک کە بڕی زیاتر لە ٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار سزای باینانسی دایە دوای ئەوەی دانی نا بە پێشێلکردنی یاساکانی دژ بە پارەسپیکردنەوەی حکومەتی ئەمریکا، باینانس بە هەمانشێوە دەبێ لە بازاڕی ئەمریکا بەیەکجاری بچێتە دەرەوە. بەپێی هەمان ڕێککەوتن، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گشتیی باینانس، چانگپێنگ ژاو، دەستی لەکارکێشایەوە و کەسێکی دیکە جێی گرتەوە.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەسەر باینانس تووشی کێشە دەبێت

بەهۆی ئەوەی کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کاری بەبازاڕکردن و ڕیکلامکردنی بۆ NFTیەکانی باینانس دەکرد، لە ئێستادا ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی بۆتەوە کە بە فرۆشتنی پشکی تۆمارنەکراو تۆمەتبارکراوە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دەڵێن کریستیانۆ لە سۆشیال میدیا فۆڵۆوەری زۆر زۆری هەیە و کاریگەریی زۆری هەبووە بۆ باینانس، لە کاتێکدا کە باینانس ڕووبەڕووی سزایەکی چەند ملیار دۆلاری دەبێتەوە.

سەردێڕەکانی دیکە

 

مایکرۆستراتیجی بایی ٥٩٣ ملیۆن دۆلاری دیکە بیتکۆینی کڕی

مایکرۆستراتیجی کە بەوە ناسراوە بیتکۆینێکی زۆری کریوە و بەردەوامە لە زیادکردنیان، لەم چەند ڕۆژەدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٥٩٣ ملیۆن دۆلاری دیکەی وەبەرهێنان کردووە لە دراوی ناوبراودا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە باوەڕێکی بەهێزیان بە داهاتووی بیتکۆین هەیە سەرەڕای ناجێگیریی بازاڕ لەم دواییانەدا.

پێشبینی دەکرێت نرخی بیتکۆین بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٤

بانکی ستاندارد چارتەرد ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن بیتکۆین بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گەشبینییە قبووڵکرانی ETFی بیتکۆینە و هۆکارێکی دیکە نیوەبوونی بیتکۆینە کە بە هاڵڤینگ ناودەبرێت لە مانگی ٤ی ساڵی داهاتوودا. بەڕای ئەم بانکە، بیتکۆین ئەگەری ئەوەی هەیە کە هێشتا زووتر بگاتە ئەو نرخە ئەگەر ئێتی ئێفی بیتکۆین زووتر قبووڵ بکرێت.

کەسێک بە هەڵە ٣ ملیۆن دۆلار کرێی ناردنی بیتکۆینی دا

دوای ئەوەی کە کەسێک بەهەڵە فیی بیتکۆین (یان کرێی ناردنی بیتکۆین)ی یەکجار زۆری دا بۆ گواستنەوەی بڕێک بیتکۆین، کۆمپانیای ئانتپووڵ بڕیاری دا کە ئەو بڕە پارەیەی بۆ بگەڕێنێتەوە کە بڕی ٨٣ بیتکۆینە دوای ئەوەی کە دەیسەلمێنێ ئەو خاوەنی ئەو ئەدرێسەیە کە ناردوویەتی.

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

کۆمپانیای فاسێت مۆلەتی کریپتۆی شاری دوبەی بەدەست دەهێنێت

فاسێت، کە کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانە، مۆڵەتی کارکرنی لەو بوارەدا لە شاری دوبەی وەرگرت. بەهۆی ئەم مۆڵەتەوە، کۆمپانیای ناوبراو دەتوانێت لەگەڵ زۆر جۆر بەکارهێنەر کاربکات وەکو کەس، کۆمپانیا و کەسانی خاوەن سەرمایە. 

ئەگەر دەتەوێت زیاتر لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کریپتۆ بزانیت، سەیری ڕێنمایی بنەماکانی کریپتۆکەرەنسیمان بکە. کاتێک ئامادەیت مامەڵە بکەیت، کوردکۆین ڕێگەت پێدەدات بیتکۆین بکڕیت یان USDT بکڕیت و بیفرۆشیت بەبێ ڕێگری. زیاتر بزانە دەربارەی ئێمە، یان سەیری پرسیارە دووبارەکراوەکان بکە ئەگەر پرسیارت هەیە. سەیری مەرج و ڕێساکان بکە بۆ زانیاریی زیاتر.