یاهوو فایناس ئاماژە بە کاریگەری کوردکۆین دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، رۆژنامەی دارایی یاهوو فایناس تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی بیتکۆین لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەو شوێنانەی خزمەتگوزاری بانکی باو بەردەست نییە. لەم ڕاپۆرتەدا، چیرۆکی غەس مۆ، پەرەپێدەرێکی سووری نیشتەجێی هەرێمی کوردستان باسکراوە کە لەڕێگەی کاری سەربەخۆ و بەهۆی بیتکۆینەوە بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە غەس مۆ بۆ گۆڕینی بیتکۆین بۆ پارەی ناوخۆیی پشت بە کوردکۆین دەبەستێت، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن عەبدولڕەحمان باپیرەوە دامەزراوە. کوردکۆین بەشێوەیەکی نوێگەرانە هاوئاهەنگی لەگەڵ سیستەمی حەواڵەی نەریتی دروستکردووە، واتە بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێگەی وەتساپ و ئینستاگرام یان تویتەرەوە پەیوەندی بگرن و پاشان پارەکەیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ وەربگرن.
باپیر ئاشکرای کرد کە قەبارەی مامەڵەکانی کوردکۆین لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی تر لە نێوان ٥٠٠ هەزار بۆ ١٠ ملیۆن دۆلار دایە و تیمێکی دە کەسی کاری تێدا دەکەن. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژانە نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ کڕیاری نوێ پەیوەندییان پێوە دەگرن، و لە هەندێک مانگدا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە سەدان کەس.
یاهوو فایناس وەک بەشێکی گرنگی ژێرخانی دارایی ناڕەسمی وێنای کوردکۆین دەکات کە خزمەت دەگەیەنێث بە کارمەندانی سەربەخۆ و ئەوانەی کە لە کریپتۆدا داهات پەیدا دەکەن لە عێراق دا، بەتایبەت لەو ناوچانەی هێشتا خزمەتگوزاری بانکی تێیاندا سنووردارە.