berfanbarê 2, 2023

هەفتانەی خواڕیزمی ژمارە ٢١: هەواڵی کریپتۆ و بلۆکچەین

سڵاو، بەخێربێن بۆ ژمارەی بیست و یەکەمی هەفتەنامەی خواریزمی، هەواڵنامەی پێشەنگی کریپتۆ و بلۆکچەینی کوردکۆین. لێرەوە تازەترین هەواڵ و زانیاریتان بۆ دەهێنین لە بازاڕی کریپتۆدا لە ماوەی کەمتر لە ٥ خولەکدا.
هەواڵی کریپتۆ و بلۆکچەین لە کوردکۆینەوە بۆ ئێوە

خۆشحاڵین کە ئێمە یەکەمین هەواڵنامەی کریپتۆی عێراقین، کە لە ئێستادا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەستە، بەم زووانە بە زمانی عەرەبیش بەردەست دەبێت. لە ئێستادا، ئەم هەواڵنامەیە هەفتانە زیاتر لە ١٢٠٠ خوێنەری هەیە لەسەر لینکیدئین.

کورتەی دۆخی بازاڕ

لەم هەفتەیەدا، سەرەڕای هەواڵی سزادانی باینانس و دەرکرانی لە بازاڕی ئەمریکا، وەبەرهێنەران گەشبین بوون و بازاڕ لەدوای هەندێک جووڵە بە سەقامگیری ماوەتەوە. بیتکۆین هەندێک بەرزو نزمی بەسەرداهات و لەسەروو ٣٧ هەزار دۆلار جێگیربوو، لەلایەکی دیکەوە دۆجکۆین و سۆلانا، وەکو دوو کۆینی سەرەکی، بەرێژیەکی مامناوەند بەرزبوونەوە، کە یەکەمیان ١٠% زیادی کردو دووەمیان ٥% لە هەفتەیەکدا. زۆربەی کۆینە سەرەکییەکانی دیکە نرخەکانیان بەجێگیری مایەوە بەبەراورد لەگەڵ سەرەتای هەفتەکە.

یەکێک لە کۆینەکان بە سەرنجی بازاڕی راکێشا Terra Classic USD بوو کە نرخەکەی بەرێژەی ٣٠٠% بەرزبوویەوە، سەرەڕای ئەوەی کەم ستەیبڵکۆینە وەکو مردوو ئەژمار دەکرا. بەهەمان شێوە، Terra Classic  و IOTA بەشێوەی بەرچاو بەرزبوونەوە کە یەکەمیان ٦٠% و دووەمیان زیاتر لە ٣٣% هەڵکشا.

لەسەر پێوەری ترس و تەماح، هەستی وەبەرهێنەران لەناوچەی تەماح دایە لە ئێستادا کە پلەی ٧٠ لەسەد بەڕووی گەشبینیدایە، کە پێدەچێ چاوەڕوانی ئەگەری قبووڵکرانی ETF ی بیتکۆین و نزیکتربوونەوەی وادەی هالڤینگی بیتکۆین بێت کە مانگی ٤ ی ساڵی داهاتوو روودەدات.

سەردێڕەکانی پەیوەست بە باینانس

 

باینانس ستەیبڵکۆینی خۆی BUSD رادەگرێت

لە ١٥ی مانگی ١٢ دا باینانس بەشێوەیەکی یەکجاری پشتگیری بۆ باینانس USD رادەگرێت و هەرکەسێک لەو تۆکنەی هەبێ دەگۆڕدرێ بۆی بە FDUSD کە سەر بەکۆمپانیایەکی دیکەیە. ئەمە دەرەنجامی یاسا و ڕێسای نوێ دێت کە فشاریان خستۆتە سەر باینانس لەم دواییانەدا.

باینانس لەگەڵ ئەمریکا رێککەوت و لە وڵاتەکە دەچێتە دەرەوە

بەپێی رێککەوتنێک کە بڕى زیاتر لە ٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار سزای باینانسی دوای ئەوەی دانی نا بە پێشێلکردنی یاساکانی دژ بە پارەسپیکردنەوەی حکومەتی ئەمریکا، باینانس بە هەمانشێوە دەبێ لە بازاڕی ئەمریکا بەیەکجاری بچێتە دەرەوە. بەپێی هەمان رێکەوتن، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری گشتی باینانس، چانگپێنگ ژاو، دەستی لەکارکێشایەوە و کەسێکی دیکە جێی گرتەوەە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەسەر باینانس تووشی کێشە دەبێت

بەهۆی ئەوەی کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاری بەبازاڕی کردن و رێکلام کردن بوو بۆ NFT یەکانی باینانس، لە ئێستادا رووبەڕووی کێشەی یاسایی بۆتەوە کە بە فرۆشتنی پشکی تۆمارنەکراو تۆمەتبارکراوە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دەڵێن کریستیانۆ لە سۆشیال میدیا فۆلۆوەری زۆر زۆرە و کاریگەری زۆری هەبووە بۆ باینانس، لە کاتێکدا کە باینانس رووبەڕووی سزایەکی چەند ملیار دۆلاری دەبێتەوە.

سەردێڕەکانی دیکە

 

مایکرۆستراتیجی بایی ٥٩٣ ملیۆن دۆلاری دیکە بیتکۆینی کڕی

مایکرۆستراتیجی کە بەوە ناسراوە بیتکۆینێکی زۆری کریوە و بەردەوامە لە زیادکردنیان، لەم چەند رۆژەدا رایگەیاند کە زیاتر لە ٥٩٣ ملیۆن دۆلاری دیکەی وەبەرهێنان کردووە لە دراوی ناوبراودا. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە باوەڕێکی بەهێزیان بە داهاتووی بیتکۆین هەیە سەڕەڕای ناجێگیری بازاڕ لەم دواییانەدا.

پێشبینی دەکرێت نرخی بیتکۆین بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٤

بانکی ستاندارد چارتەرد رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن بیتکۆین بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گەشبینییە قبووڵکرانی ETF ی بیتکۆینە و هۆکارێکی دیکە نیوەبوونی بیتکۆینە بە هاڵڤینگ ناودەبرێت لە مانگی ٤ ی ساڵی داهاتوودا. بەڕای ئەم بانکە، بیتکۆین ئەگەری ئەوەی هەیە کە هێشتا زووتر بگاتە ئەو نرخە ئەگەر ئى تی ئێفی بیتکۆین زووتر قبووڵبکرێت.

کەسێک بە هەڵە ٣ ملیۆن دۆلار کرێی ناردنی بیتکۆینی دا

دوای ئەوەی کە کەسێک بەهەڵە بیتکۆین فی (یان کرێی ناردنی بیتکۆین)ی یەکجار زۆری دا بۆ گواستنەوەی بڕێکی بیتکۆین، کۆمپانیای ئانتپووڵ بڕیاری دا کە ئەو بڕە پارەیەی بۆ بگەڕێنێتەوە کە بڕی ٨٣ بیتکۆینە دوای ئەوەی کە دەیسەلمێنێ کە ئەو خاوەنی ئەو ئەدرێسەیە کە ناردوویەتی.

هەواڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

کۆمپانیای فاسێت مۆلەتی کریپتۆی شاری دوبەی بەدەست دەهێنێت

فاسێت، کە کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانە، مۆڵەتی کارکرنی لەوبوارەدا لە شاری دوبەی وەرگرت. بەهۆی ئەم مۆڵەتەوە، کۆمپانیای ناوبراو دەتوانێ لەگەڵ زۆر جۆر بەکارهێنەر کاربکات وەکو کەس و کۆمپانیا و کەسانی خاوەن سەرمایە.